لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی دیمەشق دەستپێدەکات. یاسر سلێمان، وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر ئاشکرای کرد کە لایەنی ئەمریکی ئامادەیی دەربڕیوە وەک گەرەنتیكار سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات، ئەمەش دوای داواکارییەک دێت کە لەلایەن ئەحمەد شەرع ئاراستە کراوە.
بەپێی لێدوانەکانی یاسر سلێمان، خاڵە هەرە گرنگەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان و گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ناوبراو ڕایگەیاند: «سوریا تەنیا بەرگەی یەک سوپای نیشتمانی دەگرێت کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت، بۆیە بەپێی لێکتێگەیشتنەکان، ڕەنگە ئەفسەرانی هەسەدە لە وەزارەتی بەرگری سوریادا ببینین».
سەبارەت بە دۆسیەی سامانە سروشتییەکان، وتەبێژەکەی ئیدارەی خۆسەر ڕوونیکردەوە کە نەوت و سامانەکان موڵکی هەموو گەلی سوریان و لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێن، بڕیاریش وایە بەشێک لە داهاتی ئەو سامانانە بۆ پەرەپێدانی ئەو ناوچانە تەرخان بکرێت کە بەرهەمی تێدایە.
لەلایەکی دیکەوە، ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە جەختی کردەوە کە تورکیا بە توندی دژی ئەم ڕێککەوتنەیە چونکە بەشێک نییە لێی و لە ڕێگەی فشارخستنەسەر حکومەتی سوریاوە هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ دەدات. موسلیم وتی: «تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات سەقامگیری لە سوریا دروست نەبێت». هەر لەو چوارچێوەیەدا شاندی دانوستانکار ئاماژەیان بەوە کردووە کە خوازیارن کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ تورکیا لە چوارچێوەی قەوارەی دەوڵەتی نوێی سوریادا چارەسەر بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ دیمەشق، بەرپرسانی پەیەدە ڕوونیان کردەوە کە پەیوەندی بە دۆخی کەشوهەوا و دۆخی دیمەشقەوە هەبووە و هەردوولا سوورن لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.