ڕۆژی دووشەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە شارۆچکەی پیرمام، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی حزبی بزوتنەوەی سادقون (حرکة الصادقون) کرد بە سەرۆکایەتی د. نەعیم عەبد یاسر، جێگری سکرتێری گشتیی بزوتنەوەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان بنرێن، کرا. هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە.
جوڵە سیاسییەکان
شاندەکەی بزوتنەوەی سادقون، کە بە باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەق (بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی) دەناسرێت، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرداندا گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان. پێشتریش هەمان شاند لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و تێیدا پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دووپات کرایەوە.