وەهمی ئاشتی ئابووری
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی “دروستکردنی ئاشتی” داوە لە سەرانسەری جیهاندا. خەسڵەتێکی دیاری هەوڵەکانی بریتی بووە لەو باوەڕەی کە هەڕەشە یان پاداشتە ئابوورییەکان دەتوانن ململانێکان چارەسەر بکەن. لەم دواییانەدا، ئیدارەکەی پلانەکانی گەشەپێدانی ئابووری وەک بەشێک لە ناوبژیوانی ئاشتی بۆ جەنگی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، جەنگی ئۆکرانیا و ململانێی نێوان ئیسرائیل و سوریا خستووەتە ڕوو.
لە کاتێکدا هەندێک کەس ڕەنگە ڕێبازی “بازرگانی” ترەمپ بۆ “دروستکردنی ئاشتی” بە ناوازە و دەگمەن ببینن، بەڵام وا نییە. ئەو بڕوا هەڵەیەی کە گەشەپێدانی ئابووری دەتوانێت ململانێکان چارەسەر بکات، خەسڵەتێکی بەردەوامی دەستپێشخەرییە ئاشتییە نیۆلیبڕاڵەکانی ڕۆژئاوا بووە لە باشووری جیهان (Global South) لە چەند دەیەی ڕابردوودا.
ئەزموونی فەڵەستین و شکستی مۆدێلەکان
خاکی داگیرکراوی فەڵەستین نموونەیەکی باشە. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێک “پرۆسەی ئاشتی” دەستی پێکرد، شیمۆن پێرێز، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئیسرائیل، دەستی کرد بە بانگەشەکردن بۆ “ئاشتی ئابووری”. ئەو دیدگای خۆی بۆ “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” وەک سیستەمێکی هەرێمی نوێ دەخستە ڕوو کە ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووری بۆ هەمووان مسۆگەر دەکات. ئامانجی پڕۆژەکە ئەوە بوو کە ئیسرائیل لە ڕێگەی ژێرخانی هەرێمییەوە - گواستنەوە، وزە و ناوچە پیشەسازییەکان - لە ناوەندی ئابووری جیهانی عەرەبیدا دابنێت. چارەسەری پێرێز بۆ “ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین” تێکەڵبوونی ئابووری فەڵەستین بوو. بەڵێنی کار، وەبەرهێنان و باشترکردنی ئاستی ژیان بە فەڵەستینییەکان درا.
بەڵگەهێنانەوەکەی ئەوە بوو کە گەشەپێدانی ئابووری و هاوکاری دەبێتە هۆی سەقامگیری و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا. لەبری ئەوە، لەگەڵ بەردەوامی چەسپاندنی داگیرکاری دوای ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ بە نێوەندگیری ئەمریکا و دامەزراندنی دەسەڵاتی فەڵەستین (PA)، تووڕەیی لە شەقامەکانی فەڵەستین گەشەی کرد و دواجار بووە هۆی هەڵگیرسانی ئینتیفازەی دووەم.
ئەم ڕێبازە نیۆلیبڕاڵە جارێکی دیکە لەلایەن لیژنەی چوارقۆڵی (Quartet) - کە پێکهاتبوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕووسیا - و تۆنی بلێر نوێنەریان لە ساڵی ٢٠٠٧ تاقی کرایەوە. لەو کاتەدا ئابووری فەڵەستین هەرەسی هێنابوو، بەجۆرێک ٤٠٪ی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لەدەستدابوو و ٦٥٪ی دانیشتووانەکەی کەوتبوونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. “چارەسەرەکەی” بلێر بریتی بوو لە پێشنیارکردنی ١٠ پڕۆژەی ئابووری “کاریگەری خێرا” و کۆکردنەوەی پارە بۆیان لە ڕۆژئاوا. ئەمەش هاوتەریب بوو لەگەڵ سیاسەتەکانی سەلام فەییاز، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی فەڵەستین، لەوەی کە بە “فەییازیزم” ناسرا.
فەرامۆشکردنی مافە سیاسییەکان
فەییازیزم بە فەڵەستینییەکان دەفرۆشرایەوە وەک ڕێگایەک بەرەو دەوڵەتبوون لە ڕێگەی بنیاتنانی دامەزراوەکان و گەشەی ئابووری. فەییاز تیشکی خستە سەر بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووری کورتخایەن لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو و لە هەمان کاتدا بنیاتنانەوەی دەزگای ئەمنی فەڵەستین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل. ئەم مۆدێلە لە ئاشتی ئابووری هەرگیز چارەسەری هۆکاری سەرەکی چەقبەستوویی ئابووری فەڵەستینی نەکرد، کە ئەویش داگیرکاریی ئیسرائیلە. تەنانەت بانکی جیهانی هۆشداریدا کە وەبەرهێنان بەبێ چارەسەرێکی سیاسی کە کۆتایی بە کۆنترۆڵی ئیسرائیل بهێنێت، لە مەودای مامناوەند و درێژخایەندا شکست دەهێنێت.
ئەو فەڵەستینیانەی سوودمەند بوون لەم دۆخە خەڵکی ئاسایی نەبوون، بەڵکو نوخبەیەکی بەرتەسک بوون: بەرپرسانی ئەمنی، بەڵێندەرانی بەستراوە بە بازاڕەکانی ئیسرائیل و چەند وەبەرهێنەرێکی گەورە. بۆ زۆرینەی دانیشتووان، ئاستی ژیان بە ناسەقامگیری مایەوە. نوێترین پلانی ئابووری بۆ غەززە، کە لەلایەن جارێد کوشنەر، ڕاوێژکار و زاواکەی ترەمپەوە پێشکەش کراوە، دووریشە لەوەی خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ فەڵەستینییەکان بهێنێت. پڕۆژەکە ڕەنگدانەوەی دوو داینامیکی زۆر دژبەیەکە: دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و قازانج بۆ ئۆلیگارشییە جیهانی و هەرێمییەکان دەخاتە پێشەوە، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی سیستماتیکی مافە نەتەوەیی و مرۆییە بنەڕەتییەکانی گەلی فەڵەستین فەرامۆش دەکات.
شکست لە دۆنباس و جۆلان
ئەم ستراتیژیانە تەنها لە فەڵەستین شکست ناهێنن لە بنیاتنانی ئاشتی. لە بەرزاییەکانی جۆلان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، ئەمریکا پێشنیاری فراوانکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک و گۆڕینی بۆ ناوچەیەکی ئابووری هاوبەش کردووە، کە هاوینەهەوارێکی خلیسکێنەی سەر بەفر لەخۆ دەگرێت. ئەم ڕێبازە وا دەردەکەوێت کە نەک تەنها بۆ فشارخستنە سەر سوریا بێت بۆ دەستبەرداربوون لە مافە سەروەرییەکانی، بەڵکو بۆ داڕشتنەوەی ناوچەکە وەک پڕۆژەیەکی ئەمنی کە بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە.
لە ئۆکرانیاش، ئەمریکا پێشنیاری ناوچەی ئابووری ئازادی کردووە لە بەشێک لە هەرێمی دۆنباس. دۆنباس لە ڕووی مێژووییەوە یەکێک بووە لە بنکە پیشەسازییەکانی ئۆکرانیا و گۆڕینی بۆ ناوچەیەکی ئابووری ئازاد، ئۆکرانیا لە سەرچاوەیەکی ئابووری گرنگ بێبەش دەکات. هەروەها هیچ گەرەنتییەک نییە کە سوپای ڕووسیا دوای کشانەوەی ئۆکرانیا پێشڕەوی نەکات و تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵ نەکات.
کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەمریکا ناتوانێت گەرەنتی ڕاستەقینە بدات کە ئەو ناوچانە بە سەقامگیری دەمێننەوە تا وەبەرهێنەران بتوانن قازانجی وەبەرهێنانەکانیان مسۆگەر بکەن. نەتەوەکان لە بەکارهێنەران یان کرێکاران پێکنەهاتوون؛ ئەوان لە خەڵکانێک پێکهاتوون کە خاوەنی ناسنامەی هاوبەش و ئامانجی نەتەوەیین. هاندەرە ئابوورییەکان دەبێت دوای چارەسەری سیاسی بێن، نەک پێشی بکەون.