سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا کرد و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزارە و داوایان کردووە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ماڵی مام لە بەغدا، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: «یەکێتی هەموو هەوڵەکانی لە چوارچێوەی گەیشتنە بە حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بێت».
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق. لەم بارەیەوە سەرۆکی یەکێتی جەختی لە پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان کردەوە و وتی: «داوامانکردووە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دانیشتنی پەیوەست بەم پرسە بەڕێوەبچێت».
داواکارییەکەی بافڵ تاڵەبانی لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت کورد بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی هاوبەش، دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی یەکشەممە (١ی شوبات) دواخرا.