تیۆدۆر ئەو ساتەی لەبیرە کە بڕیاریدا کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر لێشاوی ناوەڕۆکی بێکەڵک و هەڕەمەکیی زیرەکی دەستکرد (AI Slop). وێنەکە دوو منداڵی لاوازی باشووری ئاسیای پیشان دەدا، سەرەڕای سیمای منداڵانەیان ڕیشێکی چڕیان هەبوو، یەکێکیان دەستی نەبوو و ئەوی دیکەیان داوای لایک و کۆمێنتی دەکرد بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی. وێنەکە پڕ بوو لە نیشانەی ئاشکرا کە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، بەڵام لە فەیسبووک نزیکەی یەک ملیۆن کارلێکی (Likes) بۆ هاتبوو. ئەم خوێندکارە تەمەن ٢٠ ساڵەی پاریس دەڵێت: “ئەمە مێشکی تەقاندبۆوە، وێنەی بێمانای زیرەکی دەستکرد هەموو فەیسبووکیان داگیرکردبوو بەبێ هیچ چاودێرییەک.”
تیۆدۆر هەژمارێکی لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) بەناوی “Insane AI Slop” کردەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو ناوەڕۆکانەی خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن. بە خێرایی هەژمارەکەی گەشەی کرد و گەیشتە زیاتر لە ١٣٣ هەزار شوێنکەوتوو. ئەو جۆرە ناوەڕۆکانە بە زۆری بریتی بوون لە وێنەی ئایینی، سەربازی، یان منداڵانی هەژار کە کاری سەرسوڕهێنەر دەکەن، وەک دروستکردنی پەیکەر لە زبڵ. ئێستا لێشاوی ئەم وێنە و ڤیدیۆ ساختانە ڕاگیر ناکرێت و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان زیاتر پەرە بە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دەدەن، هەرچەندە هەندێکیان بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی دەکەن.
قۆناغی سێیەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا ڕایگەیاند کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چوونەتە قۆناغی سێیەمەوە کە تەرکیزی لەسەر زیرەکی دەستکردە. مێتا نەک تەنها ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دروستکراو بە زیرەکی دەستکرد دەدات، بەڵکو ئامرازی نوێ دەخاتە بەردەست بۆ دروستکردنیان. زوکەربێرگ بە وەبەرهێنەرانی ڕاگەیاندبوو کە بەمزووانە تەقینەوەیەک لە جۆری میدیای نوێ دەبینرێت کە تەنها بەهۆی پێشکەوتنی زیرەکی دەستکردەوە دەکرێت.
نیل مۆهان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یوتیوب ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها لە مانگی کانوونی یەکەمدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەناڵ ئامرازەکانی زیرەکی دەستکردیان بەکارهێناوە. هەرچەندە ناوبراو دانی بەوەدانا کە نیگەرانی هەیە لەسەر “ناوەڕۆکی کواڵێتی نزم”، بەڵام جەختی کردەوە کە زیرەکی دەستکرد دەبێتە هاوکارێکی باش بۆ دروستکەرانی ناوەڕۆک. توێژینەوەیەک لەلایەن کۆمپانیای (Kapwing) دەرخەری ئەوەیە کە ٢٠٪ی ئەو ناوەڕۆکانەی بۆ هەژمارێکی نوێی یوتیوب دەردەکەون، ڤیدیۆی بێکەڵکی زیرەکی دەستکردن.
لایەنی ئابووری و کاریگەرییە دەروونییەکان
ئابووری دروستکەرانی ناوەڕۆک پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ ئەم دیاردەیە. بەپێی ئامارەکان، کەناڵێکی هیندی بەناوی “Bandar Apna Dost” کە ناوەڕۆکی زیرەکی دەستکرد بڵاودەکاتەوە، نزیکەی ٢.٠٧ ملیار بینەری هەیە و خەمڵێنراوە ساڵانە ٤ ملیۆن دۆلار قازانج بکات. لە بەرامبەردا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دروستبووە و زۆرجار لە کۆمێنتەکاندا بەکارهێنەران تووڕەیی خۆیان بەرامبەر ئەم ڤیدیۆ ساختانە دەردەبڕن.
ئەلیساندرۆ گالیێزی، توێژەر لە زانکۆی پادۆڤا هۆشداری دەدات لەوەی ئەم لێشاوە ڕەنگە ببێتە هۆی “رزینی مێشک” (Brain rot). بە بڕوای ئەو، لێشاوی ناوەڕۆکی بێمانا و کواڵێتی نزم دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرنجدانی مرۆڤ و وا دەکات خەڵک ناوەڕۆکێک بەکاربهێنن کە دەزانن ڕاست نییە و سوودی نییە. ئەمە جگە لەوەی پلاتفۆرمەکان تیمەکانی چاودێرییان کەمکردووەتەوە و زیاتر پشت بە بەکارهێنەران دەبەستن بۆ دەستنیشانکردنی ناوەڕۆکی ساختە، کە شارەزایان پێیان وایە ئەمە ڕێکارێکی کاریگەر نییە چونکە جیاکردنەوەی ڕاستی و درۆ ڕۆژ بە ڕۆژ ئەستەمتر دەبێت.