دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئیستەنبوڵ
بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ڕۆژی هەینی هەردوو وڵات دانوستانە ئەتۆمییەکان لە تورکیا دەستپێدەکەنەوە. دیپلۆماتکارێکی ناوچەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە نوێنەرانی وڵاتانی وەک سعودیە و میسڕ لەو دانوستانانەدا بەشدار دەبن. بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیستەنبوڵ کۆببنەوە بۆ زیندووکردنەوەی دیپلۆماسیسیەت سەبارەت بە ناکۆکییە درێژخایەنەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی شەڕێکی نوێی ناوچەیی.
تورکیا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن. دیپلۆماتکارەکە ڕوونی کردەوە کە قەتەر، سعودیە، ئیمارات و میسڕ لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە لە کۆبوونەوەکەی ئیستەنبوڵ ئامادە دەبن و کۆبوونەوەکان بە شێوەی دووقۆڵی و سێقۆڵی و شێوازی دیکە بەڕێوە دەچن.
گرژییەکان و مەرجەکانی دانوستان
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان بەهۆی زیادبوونی هێزی دەریایی ئەمریکا لە نزیک ئێران و دوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە لە ئاستێکی بەرزدان. دۆناڵد ترەمپ سێ مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان داناوە: پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بگاتە سفر، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستی تاران و کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا.
ئێران ماوەیەکی زۆرە ئەم مەرجانەی ڕەتکردووەتەوە و بە پێشێلکردنی سەروەریی خۆی دایان دەنێت، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی تاران بەرنامەی مووشەکی بالیستی بە بەربەستێکی گەورەتر دەزانن بەراورد بە پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران لە لایەنە جیاوازەکانی دانوستانەکان دەکۆڵێتەوە و کات بۆ ئەوان زۆر گرنگە بۆ هەڵگرتنی سزاکان. لە هەمان کاتدا چاوەڕوان دەکرێت ویتکۆف سەردانی ئیسرائیل بکات و لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆببێتەوە.
هەڵوێستی تاران و دۆخی مەیدانی
بەرپرسێکی ئێرانی جەختی کردەوە کە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نابێت مەرجی پێشوەختە هەبێت و ئامادەن نەرمی نیشان بدەن سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم، لەوانە ڕادەستکردنی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو، بەڵام داوا دەکەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ئێران دوور بکەونەوە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە.
پێگەی هەرێمیی تاران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوپەیمانەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا و دۆخەکەی سووریا لاواز بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکرد نیشانی دەدەن کە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە کاری چاککردنەوە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان و نەتەنز کراوە و سەربانی نوێ بۆ دوو بینا دروستکراوە کە پێشتر وێران بووبوون. پەیمانگای ISISـی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە کارکردن لە تونێلەکانی ئەسفەهان ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئامادەکاری بۆ هێرشی سەربازیی زیاتر یان گواستنەوەی کەرەستەکان.