بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و پزیشکی دادوەریی شارەکە، ئامارە ساڵانەکانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە ڕووداوەکانی هاتوچۆ هۆکاری سەرەکیی چارەکێک لە کۆی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بوون.
قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ
د. بەختیار ڕەشید، پزیشکی دادوەری لە سلێمانی ڕایگەیاند: «لە ساڵی ٢٠٢٥دا کۆی گشتیی ٨٣٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پزیشکی دادی سلێمانی تۆمارکراون». لەو ژمارەیە ٢٢٦ حاڵەتیان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە بووە، کە دەکاتە ڕێژەی ٢٧٪ واتە نزیکەی یەک لەسەر چواری کۆی مردنەکان.
سەبارەت بە وردەکاریی قوربانیانی هاتوچۆ، ئامارەکان بەم شێوەیەن:
ڕەگەز: ١٨٣ نێر و ٤٣ مێ.
جۆری ڕووداو: ١٦١ حاڵەت بە ئۆتۆمبێل، ٣٤ حاڵەت بە ماتۆڕسکیل و ٣١ حاڵەت پیادە بوون.
کات: زۆرترین حاڵەت لە مانگی تشرینی دووەم (مانگی ١١) تۆمارکراوە کە ٢٩ حاڵەت بووە.
د. بەختیار هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوانەی بۆ «خێرایی لێخوڕین و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی» گەڕاندەوە.
ئامارەکانی نەخۆشخانەی دڵ
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماری نەخۆشخانەی پسپۆڕیی دڵی بڵاوکردەوە. لە ساڵی ڕابردوودا ١٨ هەزار و ٧٦ هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و ٧ هەزار و ٨٦٧ نەخۆش داخڵ کراون.
خزمەتگوزارییە پزیشکییە ئەنجامدراوەکان بریتی بوون لە:
٥,٨٠٢ حاڵەتی بوژاندنەوەی دڵ.
٢,٨٧٠ نەشتەرگەریی قەستەرە.
١,٦٨٣ دانانی باڵۆن.
٤٥١ نەشتەرگەریی کرانەوەی دڵ.
ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی فشاری سەر کەرتی تەندروستی، چ لە ڕووی ڕووداوە کتێپڕەکان و چ لە ڕووی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵەوە.