ڕێبوار تەها دەستبەرداری کورسییەکەی بوو؛ هەڵۆ جەباری شوێنی دەگرێتەوە

ڕێبوار تەها دەستبەرداری کورسییەکەی بوو؛ هەڵۆ جەباری شوێنی دەگرێتەوە

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەش کرد بۆ ئەوەی لە پۆستی پارێزگار بمێنێتەوە و هەڵۆ جەباری وەک جێگرەوەی دیاریکرا.

نوێکراوە
١ خولەک
٢٧
خاڵە سەرەکییەکان
  • ڕێبوار تەها دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمان پێشکەش کرد بۆ مانەوەی وەک پارێزگاری کەرکووک
  • کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەڵۆ جەباری وەک جێگرەوە پەسەند کرد
  • بڕیارە ڕۆژی دووشەممە جێگرەوەکە سوێندی یاسایی لە پەرلەمان بخوات

پارێزگاری کەرکووک بڕیاریدا لە پۆستەکەی ئێستای بمێنێتەوە و دەستبەرداری کورسییەکەی لە پەرلەمانی عێراق ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەماندا جێگرەوەکەی سوێندی یاسایی دەخوات.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی ڕێبوار تەها، کاندیدی سەرکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، دەقی داواکارییەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە بەفەرمی داوای کشانەوەی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە و سوێندی یاسایی ناخوات. ئامانجی ئەم هەنگاوە مانەوەیەتی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کە لە ئێستادا بەڕێوەی دەبات.

بەپێی نووسراوێکی ئەمیندارێتیی گشتیی پەرلەمانی عێراق کە لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ئاراستەی کۆمیسیۆن کراوە، داوای دیاریکردنی جێگرەوە کراوە. لە وەڵامدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی یەکەم ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دانانی (هەڵۆ قادر ئەحمەد) ناسراو بە هەڵۆ جەباری وەک جێگرەوەی ڕێبوار تەها. ناوبراو لە هەڵبژاردنی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا لە ڕیزبەندی ١١ی لیستی یەکێتی بووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێبوار تەها لە هەڵبژاردندا وەک سەرۆکی لیست توانیبووی ٩٦ هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا هەڵۆ جەباری کە جێگرەوەیەتی خاوەنی ٥ هەزار و ٨٧٧ دەنگە و زۆرترین دەنگی جێگرەوەکانی ئەو حزبەی بەدەستهێناوە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی کانوونی یەکەم، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵۆ جەباری لە شوێنی ڕێبوار تەها سوێندی یاسایی بخوات و بەفەرمی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستبەکار ببێت.

د. شێرکۆ مامەند
د. شێرکۆ مامەند

شیکەرەوەی سیاسی

دکتۆر شێرکۆ پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەو تەنها هەواڵەکان ناخوێنێتەوە، بەڵکو مێژوو و ئەنجامەکانی پشت ڕووداوەکان بۆ خوێنەر شیدەکاتەوە. گرنگی بە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەدات.

هەموو وتارەکان