ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، زەنگی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لێدرا و دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی عامر فایز، وەک بەتەمەنترین ئەندام دەستیپێکرد.
بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، سەرەتا پەرلەمانتارانی نوێ سوێندی یاسایی دەخۆن و دواتر دەستدەکرێت بە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە لە سەرۆکێک و دوو جێگر پێکهاتووە.
لە کاتێکدا شیعە و سوننەکان تاڕادەیەک یەکلایی بوونەتەوە، بەڵام ناوماڵی کورد لە بەغدا بەتەواوی دابەشبووە و نەیتوانیوە لەسەر پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی کوردە، کاندیدێکی هاوبەش دیاری بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کورد بە سێ کاندیدی جیاواز کێبڕکێ دەکات کە بریتین لە د. شاخەوان عەبدوڵا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، د. ڕێبوار مەحمود لەلایەن ڕەوتی هەڵوێست و سروە عەبدولواحید لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێوە.
هاوکات فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەکە بڕیاریداوە هیچ کاندیدێکی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە نەبێت.