حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، نووسەران، هونەرمەندان و چالاکوانان کرد بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی بەرامبەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان نواندیان.
یەکدەنگی وەک بەربەستێک دژی میدیای شۆڤێنی
وەزیری ڕۆشنبیری لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئەو کۆدەنگی و هەماهەنگییەی لەنێوان میدیاکان (بینراو، بیستراو، نووسراو و ئەلیکترۆنی) و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دروستبوو، ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە گەیاندنی دەنگی مەزوڵمییەتی گەلی کورد بە جیهان. حەمەی حەمەسەعید دەڵێت: «ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی و پشتیوانانی تیرۆر و ڕێگر بوو لەبەردەم ئەو ماکینانەی پڕوپاگەندە کە دژی کورد خرابوونە کار».
ڕێگریکردن لە جینۆساید
بە بڕوای وەزیری ڕۆشنبیری، ئەم هەڵمەتە میدیایی و جەماوەرییە تەنیا پاڵپشتییەکی مەعنەوی نەبووە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەسات. لە پەیامەکەدا هاتووە: «بەتەنگەوەبوونی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە هۆی ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد».
سەردەمێکی نوێی کوردایەتی
حەمەی حەمەسەعید ئەم هەڵوێستە یەکگرتووەی هونەرمەندان، وەرزشوانان، لاوان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە نیشانەیەک بۆ قۆناغێکی نوێی هۆشیاری نەتەوەیی وەسف دەکات و دەڵێت: «وەستانیان شانبەشانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، نیشانەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێی گیانی کوردایەتی و خەمڵینی خەباتی نەتەوایەتییە لە پێناو ڕزگاری نیشتمانیدا».