بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بازاڕەکانی دراو و کانزاکان لە هەرێمی کوردستان و جیهان لەگەڵ داخستنی کۆتایی ساڵدا گۆڕانکاری و شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینی. نرخی زێڕ دابەزینێکی خێرا و «سەیر»ی تۆمار کردووە و بەشێوەیەکی بەرچاو «هاڕەی کردووە»، لەکاتێکدا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بە بەرزی ماوەتەوە و تمەنی ئێرانیش مێژووییترین دابەزینی تۆمارکردووە.
زێڕ سەدان دۆلار لە بەهاکەی لەدەست دەدات
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە لووتکە، نرخی زێڕ لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا دابەزینێکی پێوانەیی تۆمارکردووە و هەر ئۆنسەیەک نزیکەی ٣٠٠ دۆلار لە بەهاکەی لەدەستداوە. بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ئەمڕۆ نرخی ئۆنسە تاوەکو ٤٢٧٤ دۆلار دابەزیوە. لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان نرخەکان بەمجۆرە دابەزین:
مسقاڵێک عەیار ٢٤: ٩٨٢,٠٠٠ - ٩٩١,٠٠٠ دینار.
مسقاڵێک عەیار ٢١: ٨٥٨,٠٠٠ - ٨٧٥,٠٠٠ دینار.
مسقاڵێک عەیار ١٨: ٧٣٦,٠٠٠ - ٧٥٠,٠٠٠ دینار.
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت دوای سەری ساڵ نرخی ئۆنسە بۆ ٤٠٠٠ دۆلار دابەزێت تا خەڵک بتوانن بیکڕن، بەڵام دواتر ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکاتەوە و ئەگەری هەیە مسقاڵێک بگاتە ملیۆنێک دینار. هاوکات حاجی محەمەد، زەڕەنگەر لە سلێمانی ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات پارەکانیان بکەن بە زێڕ چونکە لە ٢٠٢٦دا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات.
دۆلار بەرەو ١٥٠ هەزار و هەرەسی تمەن
بەپێچەوانەی زێڕ، نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا بە بەرزی ماوەتەوە و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا نزیکەی ٣٠٠٠ دینار چووەتە سەر نرخەکەی. لە کاتی داخستنی بازاڕی ئەمڕۆدا نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٤٣,٤٥٠ دینار تۆمارکرا، لەکاتێکدا لە بەغدا گەیشتووەتە ١٤٤,٥٠٠ دینار. جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی هۆشداری دەدات کە بەهۆی گرژییە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراقەوە، پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا نرخی ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٥٠ هەزار دینار.
لەلایەکی دیکەوە، تمەنی ئێرانی نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمارکردووە؛ بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە و یەک ملیۆن تمەن لە نێوان ١٠,٧٥٠ بۆ ١١,١١٧ دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
جێگیربوونی نرخی نەوت
لە بازاڕی وزەشدا، بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەریەک نرخی نەوت جێگیر بووە. ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٦١ دۆلار و ٤٣ سەنت و نەوتی تەکساس بە ٥٨ دۆلار و ٠٤ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. هۆکاری سەرەکی دابەزینەکانی ئەم دواییەش بۆ بەرزبوونەوەی عەمبارکردنی نەوتی خاو و بەنزینی ئەمریکا دەگەڕێندرێتەوە.