فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی کارنامەی دانیشتنی سبەی یەکشەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٦ی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت. کارنامەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە: یەکەمیان سوێندخواردنی پەرلەمانتارە نوێیەکان و دووەمیان هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە. ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە کە دابەشبوونی سیاسی چ لەسەر ئاستی ماڵی کوردی و چ لەسەر ئاستی ماڵی شیعە گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.
پارتی و یەکێتی: کۆتایی هەوڵەکان بەبێ ڕێککەوتن
سەرەڕای چەندین گەڕی دانوستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک بۆ چوونیان بە کاندیدێکی هاوبەش بۆ بەغدا. فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ شەممە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: «تاوەکو ئەم ساتەوەختە، هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و پارتیدا نییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار». میرانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئاگاداری وردەکارییەکان نییە بەڵام «دوعا دەکات» ئەنجامەکەی بۆ کورد باش بێت.
هاوکات بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ئەنجامداوە، لەوانە ئەیاد عەلاوی و ڕەیان کلدانی، و جەختی لە پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کردووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، پارتی بە کاندیدی خۆی «فوئاد حوسێن» و یەکێتیش بە کاندیدی خۆی کە بەپێی سەرچاوەکان «نزار ئامێدی»ـیە، دەچنە نێو ململانێیەکەوە کە ١٨ کاندید تێیدا بەشدارن.
ململانێی مالیکی و ئەمریکا؛ شیعەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون
لەلایەکی دیکەوە، دۆخی پۆستی سەرۆکوەزیران ئاڵۆزیی تێکەوتووە. سەرەڕای ئەوەی میدیاکان بڵاویان کردەوە کە نوری مالیکی لەژێر فشاری پەیامێکی دۆناڵد ترەمپدا (کە لەڕێگەی جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا گەیەندراوە) بڕیاری کشانەوەی داوە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لە نووسینگەی مالیکی، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە: «دیاریکردنی سەرۆک وەزیران پرسێکی دەستووریی تەواو عێراقییە و بەدوور لە سەپاندنی دەرەکی بەڕێوەدەچێت». هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە کاندیدکردنی نوری مالیکی دووپات کردەوە.
بەڵام یەکڕیزیی ماڵی شیعە درزی تێکەوتووە؛ بەپێی سەرچاوەکان، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، بەشداریی کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیی نەکردووە و لە پەیامێکدا هۆشداریی داوە لەوەی عێراق ڕووبەڕووی «لێکەوتەی ئابووریی گەورە» دەبێتەوە ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن، کە ئاماژەیە بۆ مەترسیی سزاکانی ئەمریکا لە ئەگەری سەرۆکایەتیکردنی حکومەت لەلایەن مالیکییەوە.