نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێی ٢٠٢٦، تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوو و پلانەکانی ئیدارەی پارێزگاکە بۆ ساڵی داهاتوو.
ناوبراو ساڵی ٢٠٢٥ی بە «ساڵی وەرچەرخان» بۆ مێژووی هەڵەبجە وەسف کرد، بەهۆی ئەوەی لە ١٤ی نیسانی ئەو ساڵەدا مەرسوومی کۆماری دەرچوو و هەڵەبجە بە فەرمی وەک ١٩هەمین پارێزگای عێراق ناسێنرا. ئەم هەنگاوەی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی ناوبرد بۆ بەدەستهێنانی شایستە دارایی و ئیدارییەکان و جێگیرکردنی پێگەی شارەکە لە نەخشەی سیاسی و ئابووریی عێراقدا.
پلانی ساڵی ٢٠٢٦
نوخشە ناسیح ڕایگەیاند کە ئیدارەی پارێزگا بە پشت بەستن بە ماستەرپلانێکی ورد و زانستی، پلانی تۆکمەی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ داڕشتووە. ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە کە ساڵی داهاتوو بکەنە ساڵی «کار و ئەنجام» لە کەرتە جیاوازەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری. هەروەها جەختی لە گرنگیدان بە فێرکردنی پیشەیی و بەستنەوەی توانای گەنجان بە بازاڕی کار کردەوە وەک بەشێک لە ستراتیژی گەشەپێدانی شارەکە.