هێرشی توند بۆ سەر بەغدا
محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە میانی سێیەمین دیداری گوڵەخانەدا کە ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، پەیامێکی توندی ئاراستەی بەغدا کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی هات، بەڵام حکومەتی عێراق سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە “ناحەق” بڕیوە و ڕاگرتووە. جەختیشی کردەوە کە دروشمی “کورد و عەرەب بران” هیچ بنەمایەکی نییە و لە ڕاستیدا “کەس برای کورد نییە”.
خەونی دەوڵەت و ئیرادەی نەتەوەیی
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، محەمەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد کە کورد کۆنترین و گەورەترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تا ئێستا دەوڵەتی نییە. ئەو نموونەی بە بزوتنەوەی تاڵیبان هێناوە و وتی: “چۆن تاڵیبان بە هەمەرەوە ناتۆ و ئەمریکای دەرکرد، ئەگەر ئیرادە هەبێت ئێمەش دەتوانین سەربەخۆیی بەدەست بێنین”. هەروەها باسی لەوە کرد کە فشارەکان ناتوانن ئیرادەی گەل بشکێنن، وەک چۆن کەس نەیتوانیوە حەماس لەناو ببات.
هۆشداری لە چەکدانان و دۆخی ناوخۆ
سکرتێری پارتی سۆسیال هۆشداری دایە لایەنە کوردییەکان لەوەی کە چەکدانان بۆ کورد بە واتای مەرگ و کۆتاییهاتن دێت. ڕەخنەشی لە دۆخی ناوخۆی هەرێم گرت کە حیزبەکان ئامادە نین یەکتر ببینن و داوای کرد بەرژەوەندییە حیزبییەکان وەلابنرێن و ناوماڵی کورد ڕێکبخەنەوە، چونکە بە وتەی ئەو عێراق بە هەمان عەقڵییەتی ئەنفال مامەڵە دەکات و هەموو شتێکیان بەرامبەر کورد کردووە، لە بڕینی نەوتەوە تا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.