هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان (ئاسایشی ڕۆژاڤا)، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لە هەردوو شاری حەسەکە و قامیشلۆ ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئەو ڕێککەوتنە گشتگیرەی کە لە ٣٠ی کانوونی دووەم لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا واژۆ کراوە.
کات و شێوازی قەدەغەکە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی ناوخۆی کانتۆنی جەزیرە، قەدەغەی هاتوچۆکە بەمشێوەیە دەبێت:
شاری حەسەکە: ڕۆژی دووشەممە (٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٠٦:٠٠ی ئێوارە.
شاری قامیشلۆ: ڕۆژی سێشەممە (٣ی شوباتی ٢٠٢٦)، لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٠٦:٠٠ی ئێوارە.
ئاسایشی ڕۆژاڤا جەختی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە بۆ «پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەلامەتیی دانیشتووان»ـە و هۆشداری داوەتە هاووڵاتییان کە پابەندی بڕیارەکە بن، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
گەڕانەوەی هێزەکانی حکومەت و مەرجەکان
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، مەبەست لەم ڕێکارە توندە، ڕەخساندنی کەشێکی ئارامە بۆ هاتنە ناوەوەی یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سوریا. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە نزیکەی ١٠٠ بۆ ٢٥٠ کارمەندی ئەو هێزە لە ڕێگەی ٢٥ ئۆتۆمبێلەوە بچنە ناو حەسەکە و دواتریش بۆ قامیشلۆ.
بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، ئەم هێزانە تەنها ڕێگەیان پێدراوە چەکی سووک هەڵبگرن و بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە نمایشی سەربازی یان چالاکیی هاندەرانە ئەنجام بدەن. مانەوەی ئەم هێزانە هەمیشەیی نییە و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ دیاری کراوە، کە تەنها ئەرکیان سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان و سەلماندنی بوونی دەوڵەتە.
پێکهێنانی فیرقەی سەربازی و کشانەوەی هێزەکان
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا گۆڕانکاری لە پێکهاتە سەربازییەکانیشدا دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، فیرقەیەکی سەربازیی نوێ پێكدەهێنرێت کە سێ لیوا لە سوپای هەسەدە لهخۆدهگرێت.
هاوکات لەگەڵ هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو شارەکان، هێزە سەربازییە قورسەکان لە شارەکان دەکشێنەوە. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێشتر ڕایگەیاندبوو: «لە ڕۆژی دووشەممەوە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دەستپێدەکات».