ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٦، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، تەوەرەی سەرەکیی پەیوەندییەکە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و هەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بووە، کە هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان «دیالۆگ»ـە.
ڕۆڵی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «ئەلمەدا»ی عێراقی، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مەسعود بارزانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، تورکیا و قەتەڕ کلیلی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و گەیشتن بەم ڕێککەوتنە بوون. هاوکات ڕۆژنامەی «لومۆند»ی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کردووە کە نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیرییەکەدا هەبووە. کۆشکی ئیلێزێش ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، پشتیوانیی تەواوی پاریس و هاوبەشەکانی بۆ ئەم ئاگربەستە دەربڕیوە.
وردەکاریی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە
بەپێی دەقی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ٢٩ی کانوونی دووەم واژۆ کراوە و میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، پڕۆسەکە لە چوار قۆناغی سەرەکی و ١٤ خاڵ پێکهاتووە کە دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا جێبەجێ بکرێن:
دۆسیەی سەربازی: هێزەکانی هەسەدە لە سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ دەکشێنەوە، لە بەرامبەردا سوپای سووریا بۆ شارۆچکەی شەدادی دەکشێتەوە. تەنیا ١٥ ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکان دەچنە ناو شارەکان. هەروەها فیرقەیەکی سەربازیی نوێ لە سێ لیوای هەسەدە پێکدەهێنرێت و دەخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری.
دابەشکردنی پۆستەکان: پۆستی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاندیدی هەسەدە دەبێت، لە بەرامبەردا پۆستی فەرماندەی ئاسایشی پارێزگا بۆ کاندیدی دیمەشق دەبێت.
ئابووری و سامانی سروشتی: کێڵگە نەوتییەکانی ڕمێلان و سویدیە و فڕۆکەخانەی قامیشلۆ ڕادەستی حکومەت دەکرێنەوە، بەڵام فەرمانبەرانی مەدەنیی ئێستا دادەمەزرێنرێن. دەروازەکانی سێمالکا و نسێبین بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێن.
مافە مەدەنییەکان و ئاوارەکان: بڕوانامەکانی خوێندن پەسەند دەکرێن و گفتوگۆ لەسەر تایبەتمەندیی پەروەردەی کوردی دەکرێت. هەروەها گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ عەفرین، شێخ مەقسود و سەرێ کانی دەکرێت و بەرپرسی خۆجێییان بۆ دادەنرێت.
جێبەجێکردن و گۆڕانکاری لە نەخشەی دەسەڵات
وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، ئاسایشی ڕۆژاڤا قەدەغەی هاتوچۆی لە حەسەکە (بۆ ڕۆژی دووشەممە) و لە قامیشلۆ (بۆ ڕۆژی سێشەممە) ڕاگەیاندووە. سەبارەت بە دۆخی مەیدانیش، دوای کشانەوەی هەسەدە لە ناوچە عەرەبنشینەکانی ڕەقە و دێرەزوور، ئێستا کۆنترۆڵی نزیکەی ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی دەکات کە زۆربەی ناوچە کوردییەکان و نزیکەی ١٥٠٠ بیرە نەوت لەخۆدەگرێت.