ڕۆژی شەممە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق، ئیستحقاقاتی لایەنەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.
جەختکردنەوە لە وادە یاساییەکان
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستووەتە ڕوو. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فایەق زێدان وەک پارێزەری دەستوور هۆشداریداوە لە دەرچوون لە خشتە زەمەنییەکان و ڕایگەیاندووە: «گرنگە ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە ماوەی یاسایی دیاریکراوی خۆیدا پێشکەش بکرێن».
هەڵوێستی سەرۆک بارزانی
سەبارەت بە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لەم قۆناغە هەستیارەدا، سەرۆک بارزانی ستایشی هەوڵەکانی ئەو دەسەڵاتەی کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: «بارزانی ستایشی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری کردووە لە چەسپاندنی ڕێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن».
سیاقی سیاسی سەردانەکە
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار. لە کاتێکدا تەنیا ٢٤ ڕۆژ لەبەردەم وادەی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ماوە، هێشتا لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتوون و مەکتەبی سیاسی پارتیش ئەمڕۆ بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە کۆبووەتەوە.