کۆبوونەوە لە ماڵی مام
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا و لە ماڵی مام جەلال، لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی حزبەکەی بۆ خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، شێخ ئەحمەد حەمە کەریم و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەی بوون، ستراتیژ و کارنامەی یەکێتی لە بەغدا تاوتوێ کرا. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی دووشەممە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە کە ئەو بەڵێنانەی بە خەڵک دراون، دەبێت بکرێنە کاری لەپێشینە. ناوبراو ڕایگەیاند: “ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە کاری لەپێشینەمانە و جێبەجێی دەکەین”. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە نوێنەرەکانی یەکێتی پارێزەری ڕاستەقینەی داوا و خواستەکانی هاووڵاتییان بن و خزمەتکردنی خەڵک لە ڕێگەی پێگەی خۆیانەوە لە بەغدا بە ئەرکی سەرەکی خۆیان بزانن.
کارکردن لەسەر ڕێبازی مام جەلال
سەرۆکی یەکێتی نوێنەرانی حزبەکەی راسپارد کە لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال لە بەغدا کارەکانیان ئەنجام بدەن و هەموو هەوڵ و تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک. ئەو داوای کرد نوێنەرانی یەکێتی لە بەغدا ببنە پارێزەری مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد و ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن لە چەسپاندنی ئەو مافانە.