بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری بەغدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی سیاسی گرنگی ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
کۆبوونەوە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی
بەپێی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی بەشداری لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە. لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەری سەرەکی بووە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاریان کردووە موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساس، جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. هەروەها، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ ناوێک بە فەرمی رانەگەیەندراوە.
دیدار لەگەڵ گرووپی سەیدو شوهەدا
لە تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی گرووپی سەیدو شوهەدا کۆبووەوە. لەم دیدارەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.