بەپێی زانیارییە میدیاییەکان و شرۆڤە سیاسییەکان، جموجۆڵێکی سیاسی و سەربازیی نوێ لە سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع (جۆلانی) لە ئارادایە، کە خۆی لە نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل و ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەبینێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی «i24NEWS»ی ئیسرائیلی، دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل نزیک بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە پاریس گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و تێیدا هاتووە کە ئیسرائیل بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لە بەرزاییەکانی جۆلان دەمێنێتەوە (وەک بەکرێگرتن) و لە بەرامبەردا پەیوەندییەکان ئاسایی دەکرێنەوە و ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق پێش کۆتایی ئەمساڵ هەیە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و سەربازی، عەبدولفەتاح محەمەد شێخ، بەرپرسێکی باڵای دەستلەکارکێشاوەی وەزارەتی بەرگریی حکومەتەکەی شەرع، نهێنییەکانی شکستێکی سەربازیی ئاشکرا کردووە. ناوبراو ڕایگەیاندووە: «چوار هەزار چەکداری نهێنیمان لە ڕەققە ڕێکخستبوو بۆ ئەوەی لە ناوخۆوە شارەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەشێکیان کوژران و ئەوانی دیکەش دەستگیر کران». ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ نییەتی شەرع بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد.
هاوکات دکتۆر ئیسماعیل نامیق، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی پێی وایە ئەم جووڵانە بەشێکن لە پلانێکی هەرێمی. بە بڕوای ئەو، «تورکیا و ئیسرائیل ڕۆڵیان بە جۆلانی داوە لە بەرامبەر ئەوەی تورکیا دەستبەرداری ئیخوان موسلیمین بێت و جیهانیش دەستبەرداری کورد ببێت». ناوبراو هۆشداریش دەدات کە ڕووسیا لەم هاوکێشەیەدا تەنها سەیرکەر نابێت.