ئەمڕۆ ٣١ی کانوونی دووەم، ٤٨ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شاسوار جەلال، ناسراو بە (شەهید ئارام)، سکرتێری پێشووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێدەپەڕێت. لەم یادەدا سەرکردەکانی یەکێتی پەیامیان بڵاوکردەوە و جەختیان لەسەر درێژەدان بە ڕێبازەکەی کردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: «٤٨ ساڵە شەهید ئارام ناوێکی دیار و گەشاوەی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتی و شاسوارێکی ڕوناککەرەوەی یەکێتییە». ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە شەهید ئارام «بەردەوامی، کۆڵنەدان و ئومێدە بۆ ڕێباز و بیروباوەڕی حیزبایەتیمان».
لای خۆیەوە ڕفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە دا کە شەهید ئارام «نموونەی باڵای دوانەی شۆڕشگێڕی و ڕۆشنبیرییە» و بە میراتی بیرکردنەوەکانی لەدوای شەهیدبوونیشی پێشەنگایەتی دەکات.
ئارام؛ لە قەڵەمەوە بۆ چەک
شاسوار جەلال لە ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە. سەرەتا لە ساڵی ١٩٦٤ لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی کزیی چاوەکانییەوە نەیتوانیوە بەردەوام بێت و دواتر لە ساڵی ١٩٧٠ کۆلێژی بازرگانی تەواو کردووە. بەر لەوەی ببێتە سەرکردەیەکی مەیدانی، وەک ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی (هاوکاری) کاری کردووە و خزمەتێکی زۆری بە ئەدەبیات و هۆشیاریی سیاسی کردووە.
دوای نسکۆی ١٩٧٥، لەوکاتەی بێئومێدی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، ئارام ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و دروستکردنی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ. لە شوباتی ١٩٧٦دا ڕاپۆرتە بەناوبانگەکەی نووسی و ڕەخنەی لە شێوازی کارکردنی پێشوو گرت و نەخشەڕێگای بۆ قۆناغی نوێ دانا.
شەهید ئارام لە ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی «تەنگیسەر»ی ناوچەی قەرەداغ، بە دەستی جاشەکان شەهید کرا و چووە کاروانی نەمرانەوە.