لە کاتێکدا ڤەنزوەلا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێواری جەنگ نزیک دەبنەوە، چین دەنگێکی بەرزی هەبووە لە ئیدانەکردنی کردەوەکانی ئەمریکا. بە بڕوای پەکین (Beijing)، هەڵکشانی گرژییەکان لەلایەن واشنتۆنەوە – کە بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوەلا، لێدان لەو بەلەمانەی گومانی قاچاخی ماددەی هۆشبەریان لێ دەکرێت و سەپاندنی گەمارۆ لە کەناراوەکانی ڤەنزوەلا – نموونەیەکی زەقی تاکڕەویی (Unilateralism) ئەمریکایە کە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری وڵاتێکی دیکە و پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ١٧ی کانوونی یەکەم لەگەڵ هاوتا ڤەنزوەلییەکەی، وانگ یی (Wang Yi)، وەزیری دەرەوەی چین دژایەتی خۆی بۆ “ستەمکاریی تاکلایەنە”ی ئەمریکا دەربڕی و پشتگیری خۆی بۆ مافی ڤەنزوەلا لە “پاراستنی سەروەری و کەرامەتی نیشتمانی” دووپات کردەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پەکین جگە لە لێدوان و قسەکردن، هیچ شتێکی دیکەی پێشکەش بە کاراکاس (Caracas) نەکردووە. دیارە چین ورایە لەوەی نەکەوێتە ناو داوێکی جیۆپۆلیتیکییەوە و بێدەنگییەکەشی سنووری دەسەڵات و کاریگەرییەکانی لە ئەمریکای لاتین دەردەخات.
پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکای لاتین
بۆ زیاتر لە دوو دەیە، چین هەوڵی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین داوە. لە ئەنجامدا، ئەمڕۆ گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە لە ئەمریکای باشوور؛ هەروەها دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی مەکسیکە، کە یەکێکە لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەهۆی تەواوکارییەکی زۆر لە نێوان ئابوورییەکانیاندا پەرەی سەندووە. کاڵا کشتوکاڵییەکان – بەتایبەتی سۆیا لە بەڕازیل، ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای – ئاسایشی خۆراکی چینیان باشتر کردووە، بەتایبەتی لە کاتی جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا. لە هەمان کاتدا، کانزاکانی وەک لیلیۆم کاربۆنات (Lithium Carbonate) لە چیلی، ئەرجەنتین و بۆلیڤیا بوونەتە پێویستییەکی دانەبڕاو بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی (EV) کە لە چین بە خێرایی گەشە دەکات.
لە ساڵانی ڕابردوودا، هەناردەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینی بۆ ئەمریکای لاتین بەرزبووەتەوە و تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٥٥٪ گەشەی کردووە. ناوچەکە نەک تەنها کێشەی زۆری بەرهەمهێنانی چینی سووک کردووەتەوە، بەڵکو بازاڕێکی بۆ تەکنەلۆژیای پەیوەندی چینی وەک نەوەی پێنجەمی هواوی (Huawei’s 5G) فەراهەم کردووە – کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕەت دەکرێتەوە. لە ئێستادا، کەرەستەکانی 5Gی هواوی لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بوونیان هەیە.
ئەمریکا، کە بە نەریت ئەمریکای لاتین وەک “حەوشەی دواوە”ی خۆی دەبینێت، بە سروشتی خۆی گومانی هەبووە و دژایەتی پەرەسەندنی کاریگەریی چین لە ناوچەکە دەکات. لە مانگی شوباتدا، مارکۆ روبیۆ (Marco Rubio)، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا – کە کەسێکی توندە بەرامبەر بە چین و پێشتر حیزبی کۆمۆنیستی چینی بە “ڕژێمێکی خراپەکار و جینۆسایدکەر” ناوبردبوو – دەستیکرد بە هێرشێکی دیپلۆماسی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەرکی ئەو “بەرەنگاربوونەوەی کاریگەریی حیزبی کۆمۆنیستی چینە لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا”، هەوڵیدا چەندین وڵاتی ئەمریکای لاتین ڕازی بکات بۆ کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین.
سەرەڕای ئەوەی ناتوانێت مۆدێلێکی جێگرەوەی بەهێز بۆ هاوکاری ئابووری پێشکەش بکات و پەنا بۆ تاکتیکی فشاربردن لە ڕێگەی باجەوە دەبات، بەڵام واشنتۆن هێشتا باڵادەستی هەیە لەم جەنگی کاریگەرییەدا. بۆ نموونە، هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی ئابوورییەوە ڕازی کراون پابەندبن بە سیاسەتی “یەک چین” و دان بەوەدا بنێن کە تایوان بەشێکی دانەبڕاوە لە چین، بەڵام ناوچەکە هێشتا دوایین قەڵای پشتگیری دیپلۆماسییە بۆ تایوان، کە حەوت وڵات لە ئەمریکای لاتین و کاریبی پەیوەندی فەرمییان لەگەڵ تایوان هەیە نەک چین.
ئەم هەفتەیە، ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا کاتێک کاندیدی پارێزگار، ناسری ئەسفورا (Nasry Asfura) کە لەلایەن ترەمپەوە پشتگیری دەکرا، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هۆندوراس سەرکەوتنی بەدەستهێنا؛ لە کاتی بانگەشەکانیدا، بەڵێنی دا کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ چین بپچڕێنێت و پەیوەندی فەرمی لەگەڵ تایوان دەستپێبکاتەوە.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لە ژێر ئیدارەی ترەمپدا، چەندین وڵاتی ئەمریکای لاتین ملکەچی فشارەکانی ئەمریکا بوون بۆ سنووردارکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ چین.
لە مانگی شوباتدا، پەنەما بە فەرمی لە دەستپێشخەریی “پشتێنە و ڕێگا” (Belt and Road) کشایەوە. پاشان لە مانگی ئازاردا، کۆمپانیای بەڕێوەبەری کەناڵی پەنەما کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە ڕایگەیاند کە زۆربەی پشکەکانی دەفرۆشێت بە کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمریکی – ئەمەش دوای ئەوە هات کە ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە لەلایەن چینەوە کۆنترۆڵ کراوە. لە مانگی کانوونی یەکەمدا، مەکسیک ڕایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە باج بە ڕێژەی ٥٠٪ دەخاتە سەر کاڵا چینییەکان.
سەبارەت بە ڤەنزوەلا، فشاری ئەمریکا پەیوەندی بە پەیوەندییە نزیکەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ چینەوە نییە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکاوە هەیە: روبیۆ هەوڵ دەدات ئەجێندایەکی سیاسی کۆن جێبەجێ بکات بۆ ڕازیکردنی دەنگدەرانی ڤەنزوەلی و کوبایی-ئەمریکی کە دژی ڕژێمەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەر گۆڕانکارییەک لە ڕژێمی کاراکاس بێگومان زیان بە بەرژەوەندییەکانی چین دەگەیەنێت. وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی خاوی ڤەنزوەلا، چین بەرژەوەندی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ڤەنزوەلادا هەیە. هەرچەندە چین خۆی پشت بە نەوتی ڤەنزوەلا نابەستێت – ڤەنزوەلا تەنانەت لە ڕیزبەندی ١٠ گەورەترین دابینکەرانی نەوتی چیندا نییە – بەڵام دەستوەردانی ئەمریکا لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوەلا ستراتیژی وزەی چین لاواز دەکات، کە ئامانجی ئەوەیە نەبێتە پاشکۆی هیچ دابینکەرێکی تاکە وزە.
دۆکتۆرینی مۆنرۆ ٢.٠ یان تەڵە؟
چین نەک تەنها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی جیۆپۆلیتیکیشەوە سەیری گرژییەکانی ڤەنزوەلا دەکات. چوارچێوەی فراوانتری نمایشی هێزی جیهانی ئەمریکا گرنگە.
لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی (NSS) کە بەم دواییانە بڵاوکرایەوە، ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند کە ڕۆژانی ڕۆڵبینینی ئەمریکا وەک پۆلیسی جیهان کۆتایی هاتووە، لە بەرامبەردا بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی “دۆکتۆرینی مۆنرۆ” (Monroe Doctrine) دەکات، کە ستراتیژێکی سیاسەتی دەرەوەی سەدەی ١٩ بوو و ئامانجی ڕێگریکردن بوو لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە هەردوو ئەمریکاکەدا کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت.
هەرچەندە جێگای سەرنجە کە NSS چین وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا دەستنیشان ناکات، بەڵام دەڵێت کە حکومەتی ئەمریکا هێزێکی سەربازی دەهێڵێتەوە کە توانای ڕێگریکردنی لە ئاواتەکانی چین سەبارەت بە تایوان ه هەبێت.
ئەم بەڵگەنامەیە، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوەلا، ئاماژەی تێکەڵاوی بۆ چین ناردووە. لە لایەکەوە، وا دیارە ئەمریکا کێبڕکێ لەگەڵ چین دەکاتە ئەولەویەتێکی کەمتر و لەبری ئەوە تەرکیز لەسەر سەپاندنەوەی هەیمەنەی خۆی بەسەر نیوەگۆی ڕۆژئاوادا دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، هیچ هەنگاوێکی گرنگی نەناوە بۆ ئاماژەدان بە کشانەوە لە ئاسیا؛ بۆ نموونە، بنکە سەربازییەکانی لە کۆریای باشوور و ژاپۆن بە تەواوی کارا ماونەتەوە.
پەکین دەترسێت کە واشنتۆن هەوڵ بدات بە قسە و گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلیتیکی ڕووکەش بیخاتە ناو هەستێکی ساختەی ئاسایشەوە؛ بۆیە بە وریا دەمێنێتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی NSS، چین بەڵگەنامەیەکی سیاسەتی سەبارەت بە ئەمریکای لاتین و کاریبی بڵاوکردەوە. وەک وەڵامێک بۆ ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بەڵگەنامەکە هەوڵی پەکین نیشان دەدات بۆ گواستنەوەی شەڕەکە بۆ بەردەرگای ئەمریکا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو سیاسەت و ستراتیژانەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتوون هەمان ئەو کەموکوڕیانەیان هەیە کە هەمیشە سیاسەتی دەرەوەی چین هەیبووە: پشتگیرییەک پێشکەش دەکەن کە زیاتر سیمبولییە نەک کردەیی. هەوڵی چین بۆ کۆکردنەوەی باشووری جیهانی لەژێر ئاڵای دژایەتیکردنی هەیمەنەی ئەمریکا و دروستکردنی یەکێتییەک لەسەر بنەمای ناڕەزایەتی، کاتێک ڕووبەڕووی هێزی سەربازی ئەمریکا دەبێتەوە، زۆر لە ئاستی پێویست کەمترە.
لەو چوارچێوەیەدا و بە لەبەرچاوگرتنی بەهای ئابووری سنوورداری ڤەنزوەلا بۆ چین و دوورییە جیۆپۆلیتیکییەکەی، حکومەتی چین هیچ سەرچاوەیەک تەرخان ناکات بۆ بەرگریکردن لەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین.
لە ئەگەری داگیرکارییەکی ئەمریکادا، چین ئەگەری زۆرە دۆخەکە بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە دیدگای خۆی بۆ جیهانێکی فرە جەمسەر، و خۆی وەک پاڵەوانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشان بدات. هەرچەندە گیرخواردنی ئەمریکا لە جەنگێکی درێژخایەندا بە پێشهاتێکی ئەرێنی دەبینێت، بەڵام چین بە دڵنیاییەوە بە هانای ڤەنزوەلاوە ناچێت.
ڕووخاندنی حکومەتی ڤەنزوەلا لەلایەن ئەمریکاوە، سنووری دەسەڵاتی چین لە ناوچەکەدا ئاشکرا دەکات. سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بێگومان دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین چاوخشاندنەوە بەوەدا بکەن کە ئایا هاوپەیمانیکردن لەگەڵ چین بیرۆکەیەکی باشە لە کاتێکدا ئەمریکایەکی شەڕخواز زۆر لێیانەوە نزیکە.