هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی ١٠٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە ڕاشکاوی ستایشی ڕۆڵ و قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە پاراستنی سەروەریی عێراق و تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش.
پەیامی ئەمریکا: پێشمەرگە پارێزەری سەروەرییە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەوان بەرز دەڕواننە ئەو خزمەتەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە. لە پەیامەکەدا هاتووە: «ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەین کە بەرگری لە عێراق دەکەن و سەروەرییەکەی دەپارێزن». واشنتن ڕۆڵی ئەم هێزانەی لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا بە «گرنگ و زیندوو» وەسف کردووە و پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامی کارکردن لەگەڵیان دووپات کردووەتەوە.
پاشەکشەی کورد لە جومگەکانی سوپا
سەرەڕای ستایشە نێودەوڵەتییەکان، ئامارە ناوخۆییەکان دۆخێکی جیاواز دەخەنەڕوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕێژەی بەشداریی کورد لە ڕیزەکانی سوپای عێراقدا بۆ نێوان ١٪ بۆ ٣٪ دابەزیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای دامەزراندنەوەی سوپای نوێی عێراقدا ئەم ڕێژەیە نزیکەی ٣٢٪ بووە.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە کورد لە ڕۆڵێکی سەرەکییەوە بۆ ڕۆڵێکی لاوەکی گۆڕاوە. لە ئێستادا کورد تەنها دوو پۆستی باڵای لە وەزارەتی بەرگریدا ماوە، ئەوانیش بریتین لە لیوا ڕوکن ئیدریس خزر سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری و ئاسایش، و فەریق ئەندازیار شوان مەزهەر عەلی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگری.
شارەزایانی سەربازی هۆکاری ئەم پاشەکشەیە دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی پلانی ستراتیژی لەلایەن لایەنە کوردییەکان و کەمبوونەوەی کادیری پسپۆڕی سەربازیی کورد، کە وایکردووە تەنانەت ئەگەر پۆستەکانیش بەردەست بن، گرفت لە پڕکردنەوەیاندا هەبێت.