بڕیارە سبەی دووشەممە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سوننەکان لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.
کۆبوونەوەی بێ ئەنجامی سوننەکان
بەپێی زانیارییەکان، ئەمشەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لە ماڵی خەمیس خەنجەر بەڕێوەچوو بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی پۆستەکە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی توندەوە بەشێک لە سەرکردەکان کۆبوونەوەکەیان جێهێشت و بەبێ ئەنجام کۆتایی هات. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیارە کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی تەواوکەر ئەنجام بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک.
کاندیدەکان کێن؟
ململانێ سەرەکییەکان لە نێوان حیزبی تەقەدووم و هاوپەیمانی عەزمدایە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە حیزبی تەقەدووم (هەیبەت حەلبووسی)ی وەک کاندید دیاریکردووە، لە بەرامبەردا هاوپەیمانی عەزم سوورە لەسەر کاندیدکردنی (موسەننا سامەڕایی). بەهۆی نەگەیشتن بە سازان، پێدەچێت سوننەکان بە دوو کاندید یان زیاتر بچنە نێو دانیشتنەکەی سبەی.
پۆستی جێگرەکان
سەبارەت بە پۆستی جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنە شیعییەکان لەسەر کاندیدکردنی (عەدنان فەیحان)، پارێزگاری پێشووی بابل ڕێککەوتوون بۆ جێگری یەکەم. بۆ پۆستی جێگری دووەمیش کە پشکی کوردە، تا ئێستا ناوی (شاخەوان عەبدوڵا) وەک بەهێزترین کاندید دەهێنرێت.
هۆشداریی دادوەری و هەڵوێستی کورد
فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداری داوە کە دەبێت لە دانیشتنی یەکەمدا سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن و هەر دواخستنێک بە پێشێلکاریی دەستووری دادەنرێت. لەلایەکی دیکەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەنگدان بە کاندیدەکان نەداوە و بڕیارە سبەی هەڵوێستی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.