بە بۆنەی ساڵی نوێوە، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لە ئیمراڵییەوە بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا ئۆجەلان جەختی لەسەر گرنگیی ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق کردەوە و بە «مۆدێلێکی سیاسی دیموکراسی» وەسفی کرد کە دەتوانێت ببێتە هەوێنی پێکەوەژیانی گەلان. ئۆجەلان هۆشداریدا لەوەی کە «بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو هێرشە ئیمپریالیستی و ڕەگەزپەرستییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستۆتە ناو شەڕەوە» و داوای کرد بەرەنگاری ستراتیژی «دابەشکردن، داگیرکردن و حوکمڕانی» ببنەوە.
چڕبوونەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق
هاوتەریب لەگەڵ ئەم پەیامە، جووڵەی دیپلۆماسی و سەربازی لەنێوان تورکیا و سوریا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە نوورەدین عەلی نەعسان، سوپاسالاری سوریا کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، سوپاسالاری سوریا لەسەر بانگهێشتی سەلجووق بایراکتارئۆغڵو، سوپاسالاری تورکیا سەردانی ئەنقەرەی کردووە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان پرسی ئەمنی و چارەنووسی هەسەدە بووە. زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە پێشتریش لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی یاشار گولەر و بە بەشداری هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن، بە نهێنی سەردانی سوریایان کردووە.
هەڵوێستی ئەردۆغان و کاردانەوە کوردییەکان
لە بەرامبەردا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامی سەری ساڵدا ڕایگەیاند کە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی کارەکانی خۆی تەواو کردووە و ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەو «کێشە و کارەساتە ٤٠ ساڵەیە». ئەردۆغان جەختی کردەوە کە سڵ لە هیچ ناکەنەوە و هەسەدەی بە «پارچەکەری سوریا» ناوبرد.
لەلایەکی دیکەوە، پەیامەکەی ئۆجەلان پێشوازی لێکرا؛ ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە، پەیامەکەی بە «ستراتیژی و ڕێگاچارە» وەسف کرد. هاوکات تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) و ڕێکخراوەکانی گەنجان لە عەفرین و تەبقا، پشتیوانی خۆیان بۆ ناوەڕۆکی پەیامەکە دووپات کردەوە و بەڵێنی جێبەجێکردنیان دا.