دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە فەرمی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دیاریکرد، سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی ئەرێنییان نیشاندا و هیوایان خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەری کێشەکان.
مەسرور بارزانی: چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە نوری مالیکی کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی هیوای خواستووە ئەمە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی حکومەت جەختی کردووەتەوە لەسەر «چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان».
بافڵ تاڵەبانی: هیوادارین پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بێت
لای خۆیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازی لە کاندیدکردنی مالیکی کرد. بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: «پێشوازی لە کاندیدکردنی بەڕێز نوری مالیکی دەکەین و هیوادارین ئەم هەنگاوە پرۆسەی تەواوکردنی ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ خێراتر بکات». هەروەها جەختی لەسەر هەماهەنگی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی «حکومەتێکی بەهێزی خزمەتگوزار» کە ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک بێت.
دیاریکردنی مالیکی و کاردانەوەکان
بەپێی زانیارییەکان، شەوی شەممە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هادی عامری، نوری مالیکی بە زۆرینەی دەنگ وەک کاندیدی سەرۆکوەزیران دیاریکرا. هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کۆدەنگی تەواو نەبووە و هەندێک سەرکردە دەنگیان پێنەداوە، بەڵام وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن ناسێندراوە. مالیکی پێشتر لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ بۆ دوو خول سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
جگە لە پارتی و یەکێتی، لایەنەکانی دیکەش هەڵوێستی خۆیان هەیە؛ جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر هەڵوێستیشیان هەبێت نەرێنی نابێت، و ڕەوتی هەڵوێستیش ڕایگەیاندووە ڕێز لە بڕیارەکە دەگرن.