بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی هەفتەی ڕابردووی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گرژییەکان پەرەیان سەندووە و بەهۆیەوە ژمارەی قوربانیان بەرزبووەتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە لانیکەم ١٧ کەس کوژراون، کە زۆربەیان لە پێکهاتەکانی کورد و لۆڕن.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کۆی ١٧ کوژراوەکە ٩ کەسیان هاووڵاتیی لۆڕ و ٧ کەسیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. هاوکات ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ (HRANA) ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتووەتە ٥٨٢ کەس. لە پارێزگای ئیلام دۆخەکە بەتەواوی ئەمنی کراوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٣٠ هاووڵاتی دیکە بە شێوەی هەڵکوتانە سەر ماڵەکان دەستگیرکراون کە لەنێوانیاندا مێرمنداڵ و مامۆستای زانکۆ هەن.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هاتە سەر هێڵ و هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی تاران. ترەمپ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: «بە وردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین، ئەگەر وەک پێشتر دەست بە کوشتنی خەڵک بکەن لە خۆپیشاندانەکاندا، ئەوا ڕووبەڕووی گورزێکی توند دەبنەوە».
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەوڵی هێوکردنەوەی دۆخەکە دەدات و جەخت لەسەر «گفتوگۆ» دەکاتەوە. قاڵیباف لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ڕایگەیاند: «دەبێت لەگەڵ خۆپیشاندەراندا گفتوگۆ بکرێت و ناڕەزایەتییەکانیان هەقن»، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە دەبێت ڕووبەڕووی ئەوانە ببنەوە کە بە وتەی ئەو «ئاژاوەگێڕن و سەر بە دەزگا سیخوڕییەکانن».
هاوکات هاوسەرۆکانی دەم پارتی (تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان) پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند: «ئێمە ئەم داخوازییانە وەک داخوازییەکی ڕەوا دەبینین و سیاسەتەکانی ستەمکاریی شەرمەزار دەکەین».