فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ڤیتۆکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، «دۆخێکی نوێی خوڵقاندووە» و هاوکێشە سیاسییەکانی گۆڕیوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ڕەتکردنەوەی مالیکی نەبوو، بەڵام ئێستا هەڕەشەکان بۆ ڕاگرتنی هاوکارییە دارایی و ئەمنییەکان «جددیین». فوئاد حوسێن وتی: «پێویستە شاندێک بچێتە واشنتن بۆ ئەوەی بە وردی تاوتوێی ئەم بابەتە بکەن، ئایا ئەمە هەڵوێستێکی کاتییە یان ستراتیژییەکی هەمیشەیی؟ ئایا ڤیتۆکە لەسەر خودی کەسایەتیی مالیکییە یان بەرانبەر بەو ئاراستە سیاسییەیە کە نوێنەرایەتی دەکات؟».
سەرەڕای ئاگاداربوون لەم هەڵوێستەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوە ئاشکرای کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی شەوی ڕابردوو کۆبوونەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە «تا ئەم ساتەش نووری مالیکی تاکە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە».
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە بڕیارە سبەی دووشەممە، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی و بە ئەندامێتیی هادی عامری و موحسین مەندەلاوی سەردانی هەولێر و سلێمانی بکەن. ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەت و لێکنزیکردنەوەی لایەنە کوردییەکانە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار.
سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد کە لە دواین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، بە فەرمی پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم یەکێتی. بەپێی پێشنیازەکە، پارتی ئامادەیە پۆستەکانی «جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لەگەڵ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان» پێشکەشی یەکێتی بکات، لە بەرامبەردا پارتی پۆستی سەرۆککۆمار و وەزارەتەکانی پشکی یەکێتی وەربگرێت.
فوئاد حوسێن هەروەها گۆڕانکاری لە نێردەی ئەمریکا بۆ دۆسیەی عێراق پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەرکی مارک ساڤایا کۆتایی هاتووە و «تۆم بەڕاک» کە باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، وەک نوێنەری دۆناڵد ترەمپ سەرپەرشتیی دۆسیەکانی عێراق و سووریا دەکات.