مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، پەیامێکی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم پۆستە وەک ئیستحقاقێکی نەتەوەیی سەیر بکرێت نەک دەستکەوتی حزبی.
کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی حزبی
بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی گەلی کوردە لە حکومەتی فیدراڵ و چیتر ڕێگەپێدراو نییە لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو ئەم پێگەیە بە موڵکی تایبەتی خۆی بزانێت. بە بڕوای ناوبراو، بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، دەبێت میکانیزمی هەڵبژاردنی گۆڕانکاری بەسەردا بێت. لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند کە پەیامەکەی بارزانی بۆ یەکڕیزییە و داواکردنی پۆستەکە نییە بۆ پارتی، بەڵکو ڕەتکردنەوەی میکانیزمە کۆنەکەیە.
سێ میکانیزم بۆ دیاریکردنی کاندید
سەرۆکی پارتی لە پەیامەکەیدا سێ ڕێگەی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار خستووەتەڕوو:
١- لە پەرلەمانی کوردستانەوە کەسێک وەک نوێنەری کورد بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دیاری بکرێت.
٢- تێکڕای لایەنە کوردستانییەکان کۆببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر کەسێک ڕێکبکەون.
٣- نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەسێک دیاری بکەن.
مەرجی کاندیدەکە
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە کە مەرج نییە ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دیاری دەکرێت پارتی یان یەکێتی بێت، دەکرێت لە لایەنێکی تر یان بێلایەن بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کۆدەنگی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکات.
کاردانەوەی یەکێتی و دۆخی بەغداد
پەیامەکەی بارزانی کاردانەوەی توندی بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لێکەوتەوە. ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند کە چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکیان دەکرد بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی سیاسی، بەڵام پێشنیازەکە تەنها لە بەرژەوەندی حزبییە. هاوکات ئاراس محەمەد ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕەخنەی لەوە گرت کە پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەبێ کۆدەنگی دیاری دەکات، بەڵام بۆ سەرۆک کۆمار داوای کۆدەنگی دەکات و ئەوەی بۆخۆی بە حەڵاڵ دەزانێت بۆ یەکێتی بە حەرامی دەزانێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان پەیامیان داوەتە پارتی کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوان دەنگ بە کاندیدی یەکێتی دەدەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەمەش دوای ئەوە هات کە گرژی لەسەر پرسی دەنگدان بە کاندیدی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دروست بوو.