ڕەخنەکان لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و دۆخی زیندانەکان توندتر دەبنەوە. عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، سیاسەتی پارتی بە «دووفاقی» وەسف دەکات و شێروان شێروانیش لە زیندانەوە هێرش دەکاتە سەر دەستەی مافی مرۆڤ.
پێوەری خیانەت و نیشتمانپەروەری
عەلی حەمەساڵح لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێوەرێکی مەترسیداری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکانی داهێناوە. ناوبراو دەڵێت: «پارتی پێیوایە هەرکەسێک لە دوای ئەو نەبێت خائینە، ئەوەشی ئەو کردی هەرچی بێت لە پێناوی نیشتمانە». عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی پێشتر لایەنەکانی دیکەی بە «خائین» تۆمەتبار دەکرد بەهۆی ئەوەی کوتلەی «سادقون»ی سەر بە قەیس خەزعەلی دەنگی پێداون، کەچی دوێنێ مەکتەبی سیاسیی هەمان لایەن لە هەولێر بوون و پارتی لە بەرزترین ئاستدا پێشوازی لێکردن.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ئاشکرای کرد: «٧٠٪ی حەشدی شەعبی بە سەرۆکی حەشد و سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و یوسف کیلابییەوە، دەنگیان بۆ کاندیدی جێگری پەرلەمانی پارتی داوە و ئەمە بەلای ئەوانەوە ئاساییە، بەڵام ئەگەر ٣٠٪ی دەنگ بدەن بە ئێمە دەبێتە خیانەت».
دۆخی زیندانیان و وەڵامی شێروانی
لەلایەکی دیکەوە، شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو لە چاکسازیی گەورانی هەولێر، وەڵامی ڕاپۆرتێکی دەستەی مافی مرۆڤی دایەوە کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو دۆخی زیندانیان باشە. شێروانی بە توندی ڕەخنەی لە «باڵی پارتی لە دەستەی مافی مرۆڤ» گرت و ڕایگەیاند کە لەمەودوا بایکۆتیان دەکات.
شێروانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: «ئەگەر ڕاست دەکەن کێشەمان نییە، ئەی خێرە بۆ ڕۆژی پشووی سەری ساڵ جەنابی بەڕێوەبەر و ستافەکەی دێن و بەشە وەرشەی سپلێت چاک دەکەنەوە و ئاو گەرم دەبێت و بەتانی دێنن؟». ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشتر باسی ئەشکەنجە و پێشێلکارییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی پارتییان بۆ ئەو دەستەیە کردووە، بەڵام ئەوان ڕاپۆرتی پێچەوانەیان بڵاوکردووەتەوە.